امروز : جمعه, ۱۰ بهمن , ۱۴۰۴
تجربەای تلخ از مذاکرات صلح داریم
بەکورتی و بەکوردی
ئێمەی کورد ئەزموونێکی تاڵ و رابردوویەکی ناخۆشمان لەگەڵ دانووستاندا هەیە،
تەنانەت لەم بوارەدا کلێشەیەک درووست بووە، دەڵێت: ئەوەی کورد لە شەڕدا بەدەستیهێناوە لە دانووستان، دایناوە.
ئەمەش لە خۆڕا نەکەوتووەتە یادگەی گشتی ئێمەوە، مێژوویەکی دوور و درێژ، پاڵپشتی لەم روانگەیە دەکات.
لە ساڵی ١٨٧٩ (یەکەمین شۆڕشی هاوچەرخی کوردایەتی) تاکوو ئێستا، کورد لە زۆربەی دانووستانەکاندا، رەنجەڕۆ بووە.
داگیرکەران، دانووستانیان کردووەتە وێستگەیەک بۆ شکاندنی سەرهەڵدان و کوژاندنەوەی کڵپەی شۆڕشی کوردەوە و لەم پێناوەشدا، دەستیان بۆ دوو ستراتیژی سەرەکی بردووە:
٭ لەناوبردنی سەرکردایەتی کورد: بەدەر لە هەموو بەها و رەوشتێک، لەسەر مێزی دانووستان و لە ژێر خێوەتی ئاشتیدا، دەستیان کردووەتەوە و رێبەری جووڵانەوەی کوردیان تیرۆر کردووە. واتە بەلایانەوە زۆر سرووشتییە، دەست بۆ هەموو حەرامێکی سیاسی ببەن.
نموونەی ئەمە یەکجار زۆرە، گەر بۆ مێژووی هاوچەرخمان بگەڕێینەوە، دەتوانین ئاماژە بەم نموونە سەرەتاییە بکەین. لە ساڵی ١٨٨١ نامەیەکی فەرمی دەوڵەتیان خستە دووتوێی قورئانێکەوە، بۆ هەمزە ئاغای مەنگۆڕیان نارد، سوێندیان خوارد بەو کتێبە پیرۆزە، دانووستان و وتوێژ بکرێت و گوێ لە داواکارییەکانی کورد بگیرێت، کەچی هەر هەمزە ئاغا گەیشتە ژێر خێوەتی ئاشتییەوە، دەستڕێژی گولەیان لێکرد و کوشتیان …. تاد. مەرج نییە ئەم پلانە بەیەک شێواز دووپات ببێتەوە، دەکرێت لە بەرگی جیاوازدا نوێ بکرێتەوە
.
٭ سیاسەتی دەستی دەستی کردن و کات کوشتن: لە کاتێکدا لە هەڵوێست و پێگەی لاوازدان، سەریان کز دەکەن، سیاسەتیان دەبێتە بەکارهێنانی زمانی چەور و لووس و هەروەها گەرمکردنەوە هەندی بابەتی بێ ناوەڕۆکی وەکوو برایەتی ئێمە و ئەوان، ئەمەش تەنیا لەپێناو تەفەرەدانی کورد بووە. هەر کە بەهێز بوونەتەوە، بە زەبروزەنگ بەربوونەتەوە گیانی کورد و پشتیان لە بەڵێنەکانیان کردووە.
زیاتر لە ۵۵ ساڵ بۆ کەرکووک دانووستان دەکرێ، کە لاواز بوونە بەڵێنی گەورەیان داوە، بەهێزیش بوونەتەوە هەوڵیان داوە هەموو مافەکانی کورد زەوت بکەنەوە. ئەوەتا ئێستاش، بۆ کەرکووک و بۆ فیدراڵییەکی راستەقینە دەگری
ن
.
مەرج نییە رابردوو لە داهاتوودا دووپات ببێتەوە، بەڵام ناکرێت سایکۆلۆجی سیاسی ئەوان بۆ دانووستان لەبیر بکرێت. ئەو رەهەندە دەروونناسییە، گرنگی خۆی هەیە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت. کورد هەمیشە پێشوازی لە رێگەچارەی ئاشتیانە کردووە بەڵام لەخۆڕاش لە دانووستان، نەسڵەمیوەتە
وە.
د. ئارام وەڵەدبەگی
این مطلب بدون برچسب می باشد.
- دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
- پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
- پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.

