امام علی (ع) می فرماید
۞ هر کس از خود بدگویی و انتقاد کند٬خود را اصلاح کرده و هر کس خودستایی نماید٬ پس به تحقیق خویش را تباه نموده است. ۞
Sunday, 8 June , 2025
امروز : یکشنبه, ۱۸ خرداد , ۱۴۰۴
شناسه خبر : 1171
  پرینتخانه » آخرین اخبار, ایران, جوانرود, فرهنگی تاریخ انتشار : 24 اکتبر 2023 - 22:42 | 270 بازدید | ارسال توسط :
مرۆڤ لە پێناو خۆشەویستەکەیدا هەر قاوەی سوێر نا،گۆشتی کاڵیش دەخوات...

کورتە چیرۆکی”قاوەی سوێر”

ئەم کورتە چیرۆکەی #بەختیار_حەمەسوور خەڵاتی یەکەمی کورتەچیرۆکی لە فیستیڤاڵی گەلاوێژدا پێبەخشرا
کورتە چیرۆکی”قاوەی سوێر”

کورتە چیرۆکی”قاوەی سوێر”

کافی شۆپێک لەبەر دەممانە، هەر دەگەینە ئەو ئاستە، دەڵێت ڕۆژێک قیر و سیای لێ دەکەین و لا دەدەین.
بیرم نییه حەزم لە قاوە خواردنەوە بووبێت، سەرەتایش کە ناسیم، لەم کافێیەوە ڕایدەکێشامە ئەو کافێ و هەر دەیگوت بۆ نایخۆیتەوە؟

تا سارد دەبووەوە، هەر تەماشایم دەکرد، گوتی:
حەکایەتت بۆ بکەم دەیخۆیتەوە؟
سەرم لەقاند.

کوڕێک هەبوو هەمیشە دڵتەنگ، لەگەڵ کچێک تازە یەکتریان ناسیبوو، کچە بێئەندازە جوان بوو، ڕۆژێک پێکەوە بڕیاریان دا بچنە دەرەوە، کافێیەک لە نزیک ئەو شوێنەی ئەوانی لێ دەژیان هەبوو، ناوی “کافێ بلوو” بوو.

بۆ یەکتربینین قەراری ئەوێیان دا. کچە دەستی کوڕەی گرت، یان کوڕە دەستی کچەی گرت. گەیشتن و لای پەنجەرەیەکی تەمگرتوو دانیشتن.
گارسۆنەکە هاتە لایان: چیتان بۆ بێنم؟
کوڕە گوتی: قاوەی سوێر!

کچە برۆی تێک نا و هێڵەکانی نێو چاوانی دەرکەوتن. گارسۆنەکە کە هەروا سەری سووڕمابوو، نەیدەزانی دەبێت چی بکات.
کوڕە تەماشای کرد: بۆ وەستاوی؟
قاوەمان بۆ بێنە، قاوە بە خوێوە!
گارسۆنەکە بەدەم داواکارییەوە چوو کە هەرگیز نەچووبوو…

کچەکە پرسی: بۆ قاوەی سوێر؟
گرژیی لە ڕووخساری نەمابوو ئیتر،
کوڕەکە گوتی:
بە منداڵی ماڵمان نزیک دەریا بوو،
کە باران دەباری، شەپۆلەکان دەگەیشتنە بن درەختەکان و تا ناوقەد تەڕ دەبوون. دەوەستاین تاکو باران خۆشی دەکردەوە، شەپۆلەکان دەگەڕانەوە و دەریایش هێمن دەبووە و ژێر درەختەکان پڕدەبوون لە ماسی.

کە هەڵدەبەزینەوە بریسکەیان دەهات، سرک و لووس بوون. لەگەڵ منداڵانی گوند، سەتڵ و سووزگیمان دەکرد بە قۆلدا و دەچووین کۆمان دەکردنەوە.
دواتر پەنجەمان بەسەری زماندا دەهێنا، سوێر بوو، دەتریقانەوە. ڕۆژانێکی خۆش بوون، ناگەڕێینەوە ئیتر.

ئێستا دەمەوێت یەکەم ژوانی ئەڤینداریم، بە یادی سوێری جارانەوە بێت.
کچە بۆ ساتێک، هەورێک جوانییەکەی داپۆشی. کوڕە بە لەپی دەست کەمێک شووشە تەمگرتووەکەی سڕی: پیرەژنێک و سەگێکی سپیی تیسکن دەچوونە شوێنێک، پاش ماوەیەک، دوو لاوەکە بوون بە هاوسەری یەکتر، ئیدی کچەکە هەمووکات قاوەی سوێری بۆ مێردەکەی ئامادە دەکرد.

ساڵان تێپەڕین، پێکەوە پیربوون و پیاوەکە بە نەخۆشییەکەوە ڕۆیشت و ژنەکەی تەنیا مایەوە، ڕۆژێک ژنەکەی بە ناو یادگارییەکانی مێردەکەیدا دەگەڕا، چاوی بە دەفتەرێکی بەرگ سەوزی بچووک کەوت، کردیەوە،
لە یەکەم پەڕەدا بە گەورەیی نووسرابوو: یاداشت…
لاپەڕەکانی هەڵدایە و لە لاپەڕەیەکدا چەند دێڕێکی کەم نووسرابوون،

خوێندیەوە:
(من قەد حەزم لە خواردنەوەی قاوەی سوێر نەکردووە، ئەسڵەن هەر حەزم لە قاوە نەبووە، چجای قاوەی سوێر!
ئەو ڕۆژەی لە “کافێ بلوو” داوای قاوەی سوێرم کرد، بە هۆی شڵەژان و شپرزەیی حاڵمەوە بوو، ئاخر ئەوە یەکەم جار بوو لەگەڵ کچێک بچمە دەرەوە، کچێک ئەو کات خۆشەویست و ئێستا ژنمە، تەنانەت مندالێکیش لە سکدایەوە وەک هەمیشەیش هەر دێمەوە قاوەی سوێرم بۆ ئامادە دەکات)

مرۆڤ لە پێناو خۆشەویستەکەیدا هەر قاوەی سوێر نا، گۆشتی کاڵیش دەخوات…

تێبینی: ئەم کورتە چیرۆکەی #بەختیار_حەمەسوور خەڵاتی یەکەمی کورتەچیرۆکی لە فیستیڤاڵی گەلاوێژدا پێبەخشرا

نویسنده : خالدمحمدی | منبع خبر : سیروان پرس
برچسب ها

این مطلب بدون برچسب می باشد.

به اشتراک بگذارید
تعداد دیدگاه : ۰

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.