امروز : یکشنبه, ۱۸ خرداد , ۱۴۰۴
ئاغا عەنایەتی شاعێری جوانڕۆیی کێیە
ئاغا عەنایەتی شاعێری جوانڕۆیی کێیە
ناوی: عنایت اللە.
باوکی: هدایت اللەی کوڕی مەڵا نەشئەتی کوڕی مەلا حوسێنی پاوەیی.
دایکی: خاتوون لاڵێی کچی موحەممەد بەگی ئەوەڵی وەکیڵی جوانڕۆیە.
نازناو: صارم السلطان.
لە ساڵی ۱۲۶۰ی هەتاوی لە قەڵای جوانڕۆ لە دایک بووە، بە داخەوە هەر لە تەمەنی لاویدا دایک و بابی کۆچی دواییان کردووە و کەوتۆتە بەر تەوژمی بای نەهاتی و گەردەلوولی ڕەنج و شەپۆلی مەینەتی بێکەسی. خۆی دەڵێ:
هێمای نەفامام هەوای گەرم و سەرد
داخڵ وە فیرقەی بەدبەختانم کەرد
فرسەتش نەدام بزانوون دەردان
جە ئەدا و بابۆ مەحروومم کەردان
لە بەر بێکەسی و بێ دەرەتانی و نەبوونی بواری خوێندن نەیتوانیوە باش بخوێنێ و لە کوێرە سەوادێ ئەودەر شتێکی لا نەبووە. ناوبراو وەکو زۆربەی شاعێرانی دیکەی کورد دواتر توانیویەتی بە هەوڵ و کۆششی خۆی تا ئاستێکی کەم پەرە بە زانیاری و خوێندەواری خۆی بدات.
چەند ڕۆژ نە مەکتەب موعەللیم وەندم
کۆرە سەوادێ بە دەست ئاوەردم
بەڵام عەزیزم تەقسیرمان نییەن
مەحەل موحەققەر تەنگ و وردییەن
مەدرەسەی علووم عەقڵ و فام و بەخت
یا سایەی دیوار، یا نە پای درەخت
ئەو ڕۆ نیشانەی دەروەدەرمان بی
مەلا عەلیمراد تەعلیم دەرانمان بی
ئەو ئێمەش یاونا وە پایەی بڵەند
شیخ الازهر بی ئەو پیر پڕفەند
مەرحوومی ئاغا عەنایەت دواتر لە گەڵ کچێکی مامی خۆیدا بە نێوی خاتوو عافیە هاوسەرگیری دەکات و دەیگوێزێتەوە بۆ گوندی سەڕۆی خواروو. ئاوایی سەڕۆ وە بە مڵکییەت لە باوکییەوە ماوەتەوە و ئەویش وەکوو خاوەن مڵک لەوێ سەقامگیر دەبێ و بناغەی ژیانی دادەمەزرێنێ.
پاش ماوەیەک کە باری ئابووری ژیانی سازگار دەبێ، لە گەڵ بوونی خاتوو عافیەی خێزانی، دیسان خاتوو خانزادی خاڵۆزاشی کە کچی خوالێخۆشبوو ئەولکەریم بەگی وەکیڵی جوانڕۆ بووە دەخوازێ و دەیباتە ئاوایی کەڵێ.
ئاغا عەنایەت تاکوو تەمەنی پەنجا ساڵی ژیانێکی ئاسایی هەیە و هیچ دیار نییە کە وەکوو شاعێر دەرکەوتبێت. بەڵام لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا ڕووداوێکی تاڵ و پڕ لە کوێرەوەری ڕووی تێدەکا و هەست و نەستی خۆی و تانوپۆی ژیانی تێکدەدات. ئەم ڕووداوە تاڵە بریتی بوو لە پیلانی چەپەڵی ڕەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ۱۳۱۰ هەتاوی بە مەبەستی سڕینەوەی دەسەڵاتی عەشایەری کوردی لە سەرانسەری کوردستاندا. بەداخەوە ئاغا عەنایەتیش دەکەوێتە بەر لافاوی تووڕەیی دەسەڵاتدارانی ناوەند و لە گەڵ دەیان کەسی لێهاتوو و ڕۆڵەی بە ئەمەگی ئەم خاکە بە دیل دەیگرن و ڕوانەی بەندیخانەیەکی ئیسفەهان دەکرێ و تا گوڵانی ۱۳۲۰ی هەتاوی بۆ ماوەی دە ساڵ بە چەرمەسەری و نەخۆشی و ئێش و دەردی دووریی لەوێ دەمێنێتەوە.
تەنیا شانسی ئەوە بوو کە لە گەڵ موحەممەد بەگی وەکیڵ دا هاو دیل بوون. چوون موحەممەد بەگ خۆی پیاوێکی ئەدیب و زانا و ئەدەب پەروەر بوو و بەردەوام دیواخانی گەرم و ڕۆشن بوو بە بوونی شاعیران و هونەرمەندانێکی وەکوو میرزا ئەوڵقادری پاوەیی و … خۆی چەشەی شیعریشی هەبوو لە بەندیخانەدا نامەی شیعری دەنوسێ بۆ ئاغا عەنایەت و ئاغا عەنایەتیش هەر بە شیعر وڵامی دەداتەوە و لێرەوە دەلاقەی شیعر و هۆنراوە لە دەروونی ئاغا عەنایەتدا ئاوەڵا دەبێ و توانیویەتی لە گۆڕەپانی ئەدەبدا ئەسپی خۆی تاو بدات و خۆی بناسێنێ.
لە پاش نەمانی ڕەزا شای پەهلەوی ۱۳۲۰ ئازاد دەکرێن و دێتەوە سەر ماڵ و مڵکی خۆی لە سەڕۆ و کەڵێ. لە پاش پانزە ساڵ یانی لە ساڵی ۱۳۳۵دا بۆ هەمیشە چرای ژیانی کوژایەوە و لە گۆڕستانی نووروەسەر بە خاک سپێردرا.
یادی ئەو و موحەممەد بەگیش هەمیشە زیندووە لە دیواخانی ئەدەبی جوانڕۆدا.
جێی باسە کە دیوانی شیعری ئەوە دوو کەڵە پیاوە لە ساڵی ۱۳۷۸دا لە لایەن مامۆستا سەید باقر هاشمی و دوکتور موحەممەد ئەمین هەورامانییەوە لە چاپ دراوە.
این مطلب بدون برچسب می باشد.
- دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
- پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
- پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.